شاعیر: کامەران موکری
کتێب: زەبری ھۆنراوە
سەرناو: سوخمە

وتی: سوخمەی ئاوا تەسک
قووماشەکەشی وا ناسک

بۆ سنگم نابێ زوو ئەپوێ
بۆم بدروو یەکێکی نوێ

***

-: مەگەر هی زیو و ئاڵتوون چن
بشێ بۆ سنگی وا خرپن

***

شەرمی ڕشتە سەر خونچەی لێو
سووی لە ڕوومەتی وەکو سێو

بە نازێکەوە وەکو بووک
وتی سوخمەی تەوسک و بچوک

بۆسنگی وا بەرز و گۆشتن
نابێ ئەی دەستە خوشکی من

ئەمە دوو سوخمەت بۆ دروم
ئەگونجان لەگەڵ ئارەزووم

ئەمجارە لە سەر ئەندازە
بۆم بدروو سوخمەی تازە

***

دەستە خوشکی سوخمە دروو
مەست بوو بە جوانی سنگ و ڕوو

ئەمەندەی نواڕییە سەر سنگ
کوڵمی گوڵ و پرچی گزنگ

ئەمجارەش ئەندازەی شێوان
تێکچوو سوخمەی کچۆڵەی جوان